بەبەشداریی هەزاران كەس 7مین ڤێستیڤاڵی
ئێلبەگی جاف لە قەرەداخ دەستی پێ كرد
بەڕێوەبەڕی كاتی سەنتەری ئێلبەگی جاف راى گەیاند، ئەمڕۆ هەینی بەبەشداریی مێوانان و هۆزەكانى ناوەوە و دەرەوەى هەرێم لە ناوچەى قەرەداخ 7مین ڤێستیڤاڵی ئێڵبەگی جاف دەستی پێ كرد.
حامیدی حاجى غالی بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، بەیانى ئەمڕۆ لە گوندەكانى باخان و قارەمانى سەر بەشارۆكەى قەرەداخ /40 كم باشووری سلێمانى/ بەبەشداریی میوانان لە هەموو تیرە و هۆزەكان و سەنتەرە رۆشنبیرییەكانى هەرێمی كوردستان لە زاخۆوە تا خانەقین لە گوندەكانى "باخان، قارەمان" 7مین ڤێستیڤاڵی ئێلبەگی جاف دەستی پێ كرد.
پەیامنێری (ئاكانیوز) لە شوێنی ڤێستیڤاڵەكە گوتى، هەر تیرەیەك رەشماڵێكی هەڵداوە كە نێزیكەى 40 رەشماڵ دەبن و شتە كولتوورییەكانی تێدا پێشان دەدەن، هەروەها بەگوتنى هۆرە /جۆرێكە لە گۆرانى گوتنى تایبەت بەناوچەى جافایەتی/ و گۆرانیى فۆلكلۆریى كوردى و لەبەركردنى جلی كوردى و نمایشكردنى ئەسپ سوارى ڤێستیڤاڵەكە بۆ ماوەى 1 رۆژى درێژەى دەبێ.
سەنتەرى ئێلبەگی جاف لە ساڵی 2002 دامەزراوە و حاكم رزگار محەمەدئەمین یەكەم بەڕێوەبەرى ئەو سەنتەرە بووە، بەڵام دوای ئەوەى لە هەڵبژاردنەكانى پەرلەمانى كوردستان بو بەپەربەمانتار دەستی لە پۆستەكەى هەڵگرت.
لە ئیدریس ئەبوبەكرەوە، ن: محەمەد عەبدوڕەحمان - ئاکا نیوز